ئیشایا 6
Kurdi Sorani Standard
دانانی ئیشایا لەسەر ئەرک
6 لە ساڵی مردنی عوزیای پاشادا، پەروەردگارم بینی لەسەر تەختێکی بەرز و بڵند دانیشتبوو، دامێنیشی پەرستگاکەی پڕکردبوو. 2 سەرافیمەکان[a] لەبەردەستی بوون، هەریەکە شەش باڵیان هەبوو، بە دووانیان ڕووی خۆی داپۆشی بوو، بە دووانی دیکەیان پێیەکانی داپۆشی بوو، بە دووانیش دەفڕی. 3 ئەمیان بانگی ئەوەی دیکەی کرد و گوتی:
«یەزدانی سوپاسالار پیرۆزە، پیرۆزە، پیرۆزە!
شکۆمەندییەکەی هەموو زەویی پڕکردووە.»
4 چوارچێوە و سەکۆی دەروازەکان لە دەنگی بانگدەر لەرینەوە و پەرستگاکە پڕبوو لە دووکەڵ.
5 گوتم: «قوڕبەسەرم، فەوتام! چونکە من کابرایەکی لێو گڵاوم و لەنێو گەلێکی لێو گڵاودا نیشتەجێم و لەگەڵ ئەوەشدا چاوەکانم پاشا یەزدانی سوپاسالاریان بینی.»
6 ئینجا یەکێک لە سەرافیمەکان بۆ لای من فڕی و پشکۆیەکی بەدەستەوە بوو بە مەقاش لەسەر قوربانگاکەوە هەڵیگرت و 7 لە دەمی منی سووی و گوتی: «ئەوەتا ئەمە لە لێوت سوا، تاوانت داماڵرا و گوناهت کەفارەتی بۆ کرا.»
8 ئینجا گوێم لە دەنگی پەروەردگار بوو، دەیفەرموو: «کێ بنێرم و کێ بۆمان دەڕوات؟»
منیش گوتم: «ئەوەتام، من بنێرە.»
9 ئەویش فەرمووی: «بڕۆ و بەم گەلە بڵێ:
«”هەمیشە ببیستن بەڵام تێمەگەن،
هەمیشە سەیر بکەن، بەڵام مەبینن.“
10 دڵی ئەم گەلە ڕەق بکە،
گوێی گران بکە و
چاوی بنوقێنە،
نەوەک بە چاوی ببینێت و
بە گوێی ببیستێت،
بە دڵی تێبگات و
بگەڕێتەوە و چاک ببێتەوە.»
11 منیش گوتم: «ئەی پەروەردگار، هەتا کەی؟»
ئەویش فەرمووی:
«هەتا شارەکان دەبن بە وێرانەی
بێ ئاوەدانی و
ماڵەکانیش بێ خەڵک و
کێڵگەکانیش وێران و چۆڵەوانی،
12 با وای لێ بێت یەزدانیش مرۆڤ دووربخاتەوە و
شوێنی بەجێهێڵراو لەناو خاکەکە زۆر دەبێت.
13 ئەگەر دەیەکی تێدا مایەوە،
جارێکی دیکە بۆ سووتان دەبێت.
بەڵام وەک دارەبەن و دار بەڕوو،
کە کاتێک دەبڕێنەوە بنەدارەکەیان هەر دەمێنێت،
پاشماوەی ئەو گەلەش وەک بنەدارێکە و زیندوو دەبێتەوە.»
Footnotes
- 6:2 سەرافیمەکان: جۆرە بوونەوەرێکی ئاسمانین کە دەکرێت جۆرێکی تایبەتی فریشتە بن.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.