ئیشایا 20
Kurdi Sorani Standard
نیشانە و پەند لەسەر میسر و کوش
20 لە ساڵی هاتنی فەرماندە گشتییەکە بۆ ئەشدۆد، کاتێک سەرگۆنی پاشای ئاشور ناردی و لەگەڵ ئەشدۆد جەنگا و گرتی، 2 لەو کاتەدا یەزدان لە ڕێگەی ئیشایای کوڕی ئامۆچەوە قسەی کرد و فەرمووی: «بڕۆ جلوبەرگە گوشەکە لە کەمەرت بکەرەوە و پێڵاوەکانت لە پێت دابکەنە.» ئەویش بەم جۆرەی کرد و بە ڕووتی و پێ خاوسی ڕۆیشت.
3 ئینجا یەزدان فەرمووی: «وەک ئەوەی ئیشایای بەندەم بۆ ماوەی سێ ساڵ بە ڕووتی و پێ خاوسی ڕۆیشت، ئەمە نیشانە و پەندە لەسەر میسر و لەسەر کوش، 4 پاشای ئاشوریش بۆ ڕیسوایی میسر بەم جۆرە ڕاپێچکراوانی میسر و دیلەکانی کوش، گەنج و پیر بە ڕووتی و پێ خاوسی و سمت ڕووتی دەداتە پێش خۆی. 5 دەتۆقن و شەرمەزار دەبن لەبەر کوش کە مایەی هیوایان بوو و لەبەر میسر کە مایەی شانازییان بوو. 6 جا دانیشتووی ئەم کەنارە لەو ڕۆژەدا دەڵێت: ”ئەوەتا ئاوایە پەناگاکەمان کە بۆ ئەوێ هەڵاتین بۆ یارمەتی بۆ ئەوەی لە ڕووی پاشای ئاشور فریامان بکەوێت! ئیتر ئێمە چۆن دەرباز دەبین؟“»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.