مەتا 19
Kurdi Sorani Standard
ژن هێنان و تەڵاقدان
19 کاتێک عیسا لەم قسانە بووەوە، جەلیلی بەجێهێشت و هاتە هەرێمی یەهودیا، لە پشت ڕووباری ئوردون. 2 خەڵکێکی زۆر دوای کەوت، ئەویش لەوێ چاکیکردنەوە.
3 هەندێک فەریسی هاتنە لای بۆ ئەوەی تاقیی بکەنەوە، گوتیان: «ئایا دروستە مێرد لەبەر هەر هۆیەک بێت ژنەکەی تەڵاق بدات؟»
4 عیسا وەڵامی دانەوە: «ئایا نەتانخوێندووەتەوە، ئەوەی لە سەرەتاوە بەدیهێناوە [بە نێر و مێ بەدیهێنان][a]؟ 5 هەروەها فەرمووی: [لەبەر ئەوە پیاو دایک و باوکی خۆی بەجێدەهێڵێت و بە ژنەکەیەوە دەنووسێت، ئیتر هەردووکیان دەبنە یەک جەستە.][b] 6 کەواتە چیتر دوو نین بەڵکو یەک جەستەن. لەبەر ئەوە ئەوەی خودا بە یەکتری گەیاندووە، با مرۆڤ جیای نەکاتەوە.»
7 لێیان پرسی: «ئەی بۆچی موسا فەرمانی داوە تەڵاقنامە بدرێت و تەڵاق بکەوێت؟»
8 پێی فەرموون: «لەبەر دڵڕەقیتان موسا ڕێی پێدان ژنەکانتان تەڵاق بدەن، ئەگینا لە سەرەتاوە وا نەبوو. 9 بەڵام پێتان دەڵێم: ئەوەی بەبێ هۆی داوێنپیسی ژنەکەی خۆی تەڵاق بدات و یەکێکی دیکە بهێنێت، ئەوا داوێنپیسی دەکات.»
10 قوتابییەکانی پێیان گوت: «ئەگەر حاڵی پیاو لەگەڵ ژن وابێت، باشترە ژن نەهێنێت!»
11 بەڵام عیسا پێی فەرموون: «هەموو خەڵکی ناتوانن ئەم قسەیە پەسەند بکەن، تەنها ئەوانەی پێیان دراوە. 12 خەساو هەن زگماکن، خەساویش هەن مرۆڤ خەساندویانن[c]، خەڵکیش هەیە بڕیاریان داوە لە پێناوی شانشینی ئاسمان وەک خەساو بژین[d]. کێ دەتوانێت پەسەندی بکات، با پەسەندی بکات.»
13 ئینجا خەڵکی منداڵیان هێنایە لای عیسا تاوەکو دەستیان لەسەر دابنێت و نوێژ بکات، کەچی قوتابییەکان سەرزەنشتیان کردن.
14 بەڵام عیسا فەرمووی: «لێگەڕێن منداڵان بێنە لام، ڕێیان لێ مەگرن، چونکە شانشینی ئاسمان هی وەک ئەمانەیە.» 15 دەستی لەسەر دانان و لەوێ ڕۆیشت.
گەنجە دەوڵەمەندەکە
16 ئینجا یەکێک هاتە لای و گوتی: «مامۆستا، چ چاکەیەک بکەم تاکو ژیانی هەتاهەتاییم هەبێت؟»
17 عیسا وەڵامی دایەوە: «بۆچی لەبارەی چاکەوە پرسیارم لێ دەکەیت؟ تەنها یەکێک چاکە. بەڵام ئەگەر دەتەوێت بچیتە ناو ژیانەوە، ڕاسپاردەکان بەجێبگەیەنە.»
18 پێی گوت: «کامیان؟»
عیساش فەرمووی: «[مەکوژە، داوێنپیسی مەکە، مەدزە، شایەتی درۆ مەدە، 19 ڕێزی دایک و باوکت بگرە،][e] هەروەها [نزیکەکەت وەک خۆت خۆشبوێت.][f]»
20 گەنجەکەش پێی گوت: «ئەمانەم هەمووی کردووە، ئیتر لە چیم کەمە؟»
21 عیسا پێی فەرموو: «ئەگەر دەتەوێت تەواو بیت، بڕۆ سامانەکانت بفرۆشە و بیدە هەژاران، ئیتر گەنجینەیەکت لە ئاسماندا دەبێت و وەرە دوام بکەوە.»
22 بەڵام گەنجەکە کە ئەم وشەیەی بیست، بە دڵتەنگییەوە ڕۆیشت، چونکە سامانێکی زۆری هەبوو.
23 عیساش بە قوتابییەکانی فەرموو: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: دەوڵەمەند بە سەختی دەچێتە ناو شانشینی ئاسمانەوە. 24 دیسان پێتان دەڵێم: ئاسانترە وشترێک بە کونی دەرزییەکەوە بچێت لەوەی دەوڵەمەندێک بچێتە ناو شانشینی خوداوە.»
25 قوتابییەکان کە گوێیان لەمە بوو زۆر سەرسام بوون، گوتیان: «کەواتە کێ دەتوانێت ڕزگاری بێت؟»
26 عیساش سەیری کردن و فەرمووی: «ئەمە بۆ مرۆڤ مەحاڵە، بەڵام لەلای خودا هەموو شتێک دەبێت.»
27 ئینجا پەترۆس وەڵامی دایەوە و پێی گوت: «ئەوەتا ئێمە وازمان لە هەموو شتێک هێناوە و دوات کەوتووین، ئێمە چیمان بۆ دەبێت؟»
28 عیساش پێی فەرموون: «ڕاستیتان پێ دەڵێم، لە نوێبوونەوەدا[g]، کاتێک کوڕی مرۆڤ لەسەر تەختی شکۆی خۆی دادەنیشێت، ئێوەش کە دوام کەوتوون لەسەر دوازدە تەخت دادەنیشن و دوازدە هۆزەکەی ئیسرائیل حوکم دەدەن. 29 هەرکەسێکیش لەبەر ناوی من، ماڵ یان برا یان خوشک یان دایک یان باوک یان منداڵ یان کێڵگەی بەجێهێشتووە، سەد ئەوەندە وەردەگرێتەوە و ژیانی هەتاهەتاییش بە میرات وەردەگرێت. 30 بەڵام زۆر لە یەکەمینەکان دەبنە دواهەمین و دواهەمینەکانیش دەبنە یەکەمین.»
Footnotes
- 19:4 پەیدابوون 1:27.
- 19:5 پەیدابوون 2:24
- 19:12 لەو سەردەمە هەندێک لە پیاوە گەورەکان کۆیلەکانی خۆیان دەخەساند، تەنها بۆ کارپێکردن تەرخان دەکران.
- 19:12 باوەڕدار لە پێناوی خزمەتکردنی مەسیح بە ڕەبەنی دەمێنێتەوە.
- 19:19 دەرچوون 20:12-16 و دواوتار 5:16-20
- 19:19 لێڤییەکان 19:18
- 19:28 مەبەست لە کاتی ڕۆژی زیندووبوونەوەیە، کە هەموو شتێک سەرلەنوێ دروستدەکرێتەوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.